بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە کاتێکدا بڕیارە بەم نزیکانە ڕەشنووسی "یاسای چوارچێوەی ئاشتی" بخرێتە بەردەم پەرلەمانی تورکیا، شامیل تەییار پەرلەمانتاری پێشووی پارتی داد و گەشەپێدان پۆستێکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و زانیاریی پشت پەردەی لەبارەی ئەگەری بڕگەکانی یاساکە ئاشکرا کرد.
تەیار ئاشکرای دەکات، حکومەت پلانی هەیە پێش پشووی پەرلەمان یاساکە دەربکات. بە وتەی ناوبراو، لێبوردنی گشتی لە پلانەکەدا پێشبینی نەکراوە و یاساکە تەنها بۆ ماوەی ساڵێک کارا دەبێت.
پێنج ساڵ چاودێری دادوەری و قەدەغەکردنی سیاسی
تەیار پاگەندەی کردووە، ئەو ئەندامانەی پارتی کە دەکەونە ژێر یاساوە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەخرێنە ژێر چاودێری دادوەرییەوە و ئەگەر لەو ماوەیەدا تاوانێک ئەنجام نەدەن، ڕێگەیان پێدەدرێت تێکەڵ بە کۆمەڵگا بن.
فەرماندە و سەرکردە باڵاکانی پەکەکە ناگەڕێنەوە تورکیا
نوێنەری پێشووی ئاکەپە هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ڕێبەرانی پەکەکە ڕێگەیان پێنادرێت بچنە تورکیا و نابێت دژی ئەو وڵاتە کاربکەن: "سەرکردەکان ناتوانن بچنە ناو تورکیا و ڕێگەیان پێنادرێت دژی تورکیا کاربکەن، ئۆجەلانیش لە ئیمرالی دەمێنێتەوە". بەگوێرەی ئیدیعای تەیار، یاسا نوێیەکە شوێنی دەستبەسەرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان ناگۆڕێت و لە زیندانی ئیمرالی بەردەوام دەبێت.
لێکدانەوەی دۆخی هەشت هەزار ئەندامی پارتی
تەیار ژمارەی ئەو کەسانەی کە ڕەنگە بەهۆی بڕگەکانی یاساکە کاریگەرییان لەسەر بێت، نزیکەی هەشت هەزار کەس خستەڕوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو ئەنجامە چاوەڕوانکراوانە بەدیهاتن، ڕەنگە ئەو کەسانە بگەڕێنەوە تورکیا، لە عێراق و سوریا بمێننەوە یان بچنە وڵاتانی ئەوروپا: "لەم حاڵەتەدا قەندیل بە تەواوی بەتاڵ دەبێتەوە، هەموو بنکەکان لە ئەشکەوتەکان هەڵدەوەشێنرێنەوە و چەکەکان دەخرێنە لاوە".
Your Comment